واز لە زەکەریا بێنن

1543 جار خوێندراوەتەوە کات01:50 بەروار17-03-2019
واز لە زەکەریا بێنن

شەوی رابردوو ھونەرمەند زەکەریا ڤیدیۆیەکی کۆنی لەھەژمارە فەرمییەکەی بڵاوکردەوە کە خەریکی پڕۆڤەکردنە بۆ تۆمارکردنی یەکێک لە گۆرانییەکانی لە ئەلبوومی ساڵی ٢٠٠٠ بەناوی "نازە"، کە تێکستەکەی ھی "کاک سەرکەوت رەسوڵ"ە.
ئەگەرچی ئەو ساڵانێکە ھیچ بەرھەمێکی نوێی نییە، بەڵام لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم پارچە ڤیدیۆیە کە چێژێکی تایبەتتری ھەیە لە گۆرانییە وتراوەکەی ئەلبوومی "دایە" بە ھەزاران کۆمێنت نووسران، داوا دەکەن زەکەریا بێدەنگی بشکێنێت و بێتەوە ناو کایە ھونەرییەکەی.
زۆرینەی کۆمێنتەکان دەردەدڵە بەوەی لەغیابی زەکەریادا کەسانێک پەیدابوون گۆرانی دەڵێن، بەڵام لەراستیدا گاڵتە بەھونەر دەکەن و ھیچ چێژێک نابەخشێ و دوای ماوەیەکی کەم گۆرانیەکانیان دەمرن، بەڵام ئەوە زەکەریایە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی ٢٠ ساڵ لەمەوبەری بە قەد ماوەی دوورکەوتنەوەی و بەقەد ئەوساڵانەی ھەرکێ گۆرانی وتووە گوێی لێگیراو جەماوەرەکەی تیژکردەوە.
وەکچۆن گۆرانی شاعیر نوێگەری لەشیعری کوردیداکرد، ئاوھاش زەکەریا نوێگەری لەئاوازوو گۆرانی کوردیدا ئەنجامداو یەکەم ھونەرمەندی کوردە کە یاریگاکانی پڕکردووە لەھەواداری خۆی، ھەرئەویش بوو ئەو نەریتەی داھێنا کە گۆرانیبێژی کورد بەرھەمەکەی بەنووسخەی ئەسڵ بخاتە بازاڕەوە.
دەمەوێ ئەوەش بڵێم، ئەگەر ئێستا ئەو ھونەرمەندە ھەرکارێکی تر دەکات جگە لە ھونەر ئەوە بۆمن نییە قسەی لەبارەوە بکەم، چونکە مرۆڤ ئازادە چۆن رێڕەوی ژیانی خۆی دەگرێت و چۆنیش بەرژەوەندییەکانی خۆی دەستنیشان دەکات کە مافی خۆیەتی. 
بێدەنگی زەکەریاش لەبەرژەوەندی ھونەرەکەیدایە، چونکە زۆری و بۆری و زیادەڕەویکردن لەھەموو شتێکدا ئەنجامی باشی نابێت، بەتایبەت لەسەردەمێکدا خەریکە ھونەری کوردی بەدەست گۆرانی (لوولە لوولە و قژ ئەندۆمی و لیوو لیو و وەیش وەیش و سلیکۆن و بۆتۆکس و نازانم چییەوە)، لە حاڵی حەلوەلادایە.
سەردەمێک، کە بایەخ بۆ ھیچ شتێک نەماوە، کە جنێودان و شکاندن و سووکایەتیکردن بە یەکتری بۆتە ئاوخواردنەوە، زوویر مەبن ئەگەر بڵێم زەمانەی ئەمڕۆ ھەر ئەوانەی قابیلە کە گۆرانییەکانیان دوای یەک ھەفتە کاکی گۆرانیبێژ خۆیشی گوێی لێناگرێتەوە، بەڵام ئەوەتا زەکەریا نەمرەو ئێستاش بە دەنگەبەسۆزەکەی گۆرانی بۆ ئازارەکانمان دەچڕێ و دەمانخاتەوە بەردەم ھەزاران یادەوەری تاڵ و شیرین.
لێیگەڕێن ئەوەی وتی بەسە، ئەوەی کردی زۆربوو، با ئەویش نەخزێتە ناو زەمەنێکەوە نەک ھونەر؛ مەلاو شێخ و زاھیدیشی تێدا کەوتۆتە ژێر پرسیار، سەردەمێک عاشقێکی راستەقینە نەماوە گۆرانی "بگەڕێوە" بیگرێنێ، ئینتمایەک نەماوە بۆ نیشتمان بە چریکەی "کوردستان.. کوردستان"ی زەکەریا موچڕک بەگیانی دابێت.

پشتیوان زاهیر