راچڵەکین نوێترین زانیاری لەسەر زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات

1932 جار خوێندراوەتەوە کات05:29 بەروار14-03-2019
راچڵەکین نوێترین زانیاری لەسەر زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات
راچلەکین

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ته‌واوی‌ وه‌زاره‌ته‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ ده‌وامی‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌ك ساڵانی پێشووتر ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران واده‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ ئاشكراده‌كات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ (راچڵەکین) وتی: دوێنێ سێشەممە ١٣ ئازاری ٢٠١٩ حکومەتی‌ هه‌رێم نوسراوی بۆ سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکان کردوە، و داوایان لێده‌كات دوای دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانیان بەبێ پاشەکەوت، ده‌وام ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ نۆرە و ئاڵوگۆری و پشوی زیاد نابێت بمێنێت".

وتیشی "بەپێی بڕیارەکە دوامی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە و ناوخۆ و ئاسایش ده‌بێته‌ شه‌ش رۆژ لەهەفتەیەکدا، وەزارەتەکانی تریش ٥ رۆژ و هەموو وەزارەتێک دەبێت تا دوای کاتژمێر ٢ دەوام بکەن و ئەوەی پێیەوە پابەند نەبێت سزا دەدرێت".

سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی ده‌وام، دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم بە (راچڵەکین)ی راگەیاند "نەوه‌ک تەنیا دەوام ئاسایی دەبێتەوە، بەڵکو لەمه‌ودوا لەھەندێک لەنەخۆشخانەکاندا نەشتەرگەریی ئێوارانیش دەکرێت کە پێشتر نه‌دەکرا و راگیرابوو".

وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتیشی "سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی، وەک ھەموو وەزارەتەکانی دیکە ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانمان زیاد دەبێت و دەکرێت بە ٦ رۆژ لە هەفتەیەکدا و هیچ ئۆف وئاڵوگۆری و نۆرەیه‌ك نامێنێت و بڕیارەکەش لەدوای پشووەکانی نەورۆز و سەرەتایی مانگی نیسانەوە جێبەجێدەکرێت".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی هه‌ینی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی‌ بڕیارییدا به‌لابردنی پاشكه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ سه‌پێنراوه‌.