وتەبێژی پارتی: سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە

111 جار خوێندراوەتەوە کات04:37 بەروار14-03-2019
وتەبێژی پارتی: سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە
 
راچڵەكین 
 
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە و دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت. 
 
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی وتووە، پێشتر رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی  كردووە، تا لە رۆژی هەژدەی مانگ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، بەڵام دیار بوو ئەوكات یەكێتی نەگەیشتنە قەناعەت و بەشدار نەبوون، دەشڵێت "ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێك، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت".
 
 
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی لە ئێستادا لە بەردەمیاندایە، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێك بهێنێت.
 
 وتیشی: "كۆبوونەوەمان كردووە و بە راشكاوانە قسەمان كردووە، ئەوان پێویستییان بەوە بوو، كە بڕۆنەوە و كۆبوونەوە بكەن و لە ناوخۆی خۆیاندا لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی ئێمە و ئەوان هەمان بووە، هاوكات ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كردوومانە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، دواتر ئاگادارمان بكەنەوە، كە لە زووترین كاتدا پێكەوە كۆبوونەوەی دیكە بكەین".
 
جەختیشی كردەوە، كە هەوڵ دەدەن كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن و رووی ئەوە دەربكەوێت، كە كابینەی نوێ زووتر پێك بێت.
 
ئەوەشیخستووەتەڕوو، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن.
 
 
لەبارەی  چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەسەر بارودۆخی كەركووك لەگەڵ یەكێتی، مەحموود محەمەد رونیكردەوە، كە ئەو پرسە خراوەتە ژێر دەستی  مەسعود بارزانی  سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، بە بابەتی بەغداشەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانیش چەند كەسێكیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە، كە كاری لەسەر بكەن.
 
وتەبێژی پارتی باسی لەوەشكردووە،  وەكو پارتی كار بۆ ئەوە دەكەن هەرچی زووترە كابینەی نوێ پێك بهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەیشە كە حكوومەتێكی بەهێز بە پشتیوانیی هەموو لایەنەكانەوە بتوانین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەر بۆیەشە ئەوان وەكو پارتی پێیان باشە هەوڵ بدەن لە چەند هەفتەی دابێتدا هەموو بابەتەكان چارە بكەن.