هەر 10 رۆژ جارێك ژنێك لەرۆژهەڵاتی كوردستان كوژراوە

56 جار خوێندراوەتەوە کات02:49 بەروار14-03-2019
هەر 10 رۆژ جارێك ژنێك لەرۆژهەڵاتی كوردستان كوژراوە
 
راچڵەكین 
 
رێكخراوی هەنگاو بۆمافەكانی مرۆڤ رایگەیاند،  هەر 10 رۆژ جارێك ژنێك بەبیانوی جیا لەرۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون  كە لەدوایین روودوایشدا هەفتەی ڕابردوو ژنێکی گەنجی خەڵکی سەڵماس لە شاری ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژراوە.
 
بەپێی هەواڵێكی رێكخراوەكە ، شەوی شەممەی هەفتەی ڕابردوو ژنێکی گەنج بە ناوی" مەهناز هوژبەری" لە ئاوای جوجەهی سەربە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا.
 
ئاماژەی بەوەشداوە، مەهناز هوژبەری کە دایکی کچێک بووە لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی "بەهادۆر . ک" بە شێوەیەکی درندانە بە چەقۆ کوژراوە.
 
ئەوەشیخستووەتەڕوو، مەهناز خەڵکی شاری سەڵماس و ڕەدووی پیاوێکی دیکە کەوتووە،  بەڵام دوای ئەوەی پاش هەفیەیەک هاوژینەکەی مەهنازی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویەتەوە  بۆ ماڵەوە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویە.
 
باسی لەوەشكردووە،" بنەماڵەی مەهناز و بنەماڵەی هاوژینەکەی هیچ کاردانەوەیەکیان بە نیسبەت ئەو کوژرانە نەبووە و تەنانەت پرسە و سەرەخۆشیشیان بۆ دانەناوە.
 
هاوكات بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وە (٧٠ رۆژ)، لانیکەم ٧ ژن لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە کوژراون و زۆربەی ئەو حاڵەتی كوشتنانەش لە ژێر ناوی ناموس بووە.