"ڕۆژ نیە دوو بۆ سێ تیرۆریست دەستگیرنەکەین بەڵام بڵاوی ناکەینەوە چونکە دەڵێن سیناریۆیە"

2823 جار خوێندراوەتەوە کات10:51 بەروار14-03-2019
 
 
راچڵەكین 
 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند" لە سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان ڕۆژ نیە دوو بۆ سێ تیرۆریست دەستگیرنەکەین بەڵام بڵاوی ناکەینەوە چونکە ئەوەندە دەڵێن سیناریۆیە "ئەوە وا و ئەوە وا" دەکەونە توانج لەسەر ئەو پڕۆسانە، بەداخەوە پێویستە خەڵک خۆی ڕابگرێت بزانێت ڕاستیەکە کامەیە ئنجا پرسیار لەسەر ئەوە بکات.
 
 
لیوا حه‌سه‌ن نوری بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ئەوتیرۆرستانە هه‌وڵیان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی له‌ سلێمانی وه‌ ئامانجیشیان هه‌بوه‌ و دیارییان كردووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ نه‌گونجێت ڕونكردنه‌وه‌ و ورده‌كاری زیاتر بخه‌مه‌ڕوو ، به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنه‌، هه‌وڵی تیرۆركردنه‌، هه‌وڵی ته‌قینه‌وه‌یه‌."
 
 
 
لەبارەی دەستگیركردنی ئەوكەسانەی كە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاریان دزیبو بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایدەكات،" ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لەسەر دزینی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی باندبوون، چونکە پێنج کەس لەوانە پێشینەی تاوانیان هەبوو لەپێشتر لەسەر کوشتن و دزی و تەقەکردن دەستگیرکرابوون."
 
لەبارەی ئەو گومانانەی کەهەندێک باسیان دەکرد لەسەر ڕووداوەکە ، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی رونیكردەوە" شتی وانیە من تێناگەم، پێش ئەوەی بەڕێوەبەری ئاسایش بم لێکۆڵەرە بووم، وە خۆم له‌م دۆسیه‌یه‌ لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکە بووم بەهاوبەشی لە گەڵ پۆلیس لێکۆڵینەوەمان کردووە هەموو بەڵگەکانمان کەوتۆتە بەردەست یەک بەیەکیان دانیان بەتاوانەکەدانا، چونکە کە بەڵگە هەبوو تاوانبار ناتوانێت نکوڵی لەتاوانەکە بکات هەموو ئەوانەش لەوانەن کە لەیاسا یاخی-ن پاش ئەوە لەپێشتر لە زیندان ئازاد کراون هەر لەیاسا یاخی بوون هیچ بەرپرسێکی سیاسی لە پشتیانەوە نیە نازانم ئەم بیرکردنەوەیە لەکوێوە هاتووە؟! بۆ ڕێڕەوی ئەوانە بگۆڕێت کە "ئیلا هەردەبێت بەرپرس و کەسێکی سیاسیان لەپشتەوە بێت؟!" شتی وانیە ئەمانە خۆیان کۆمەڵێک دزن بەرنامەیان داناوە و زۆر بە ئاسانی ئەم کارەیان کردووە."
 
باسی لەوەشكرد،" بەداخەوە خۆی لەکەم زانیاری هەندێک لایەن و لایەنی نەیار و ئۆپۆزسیۆن ئەم قسانە دەکرێت کاتی خۆی تیرۆریست-شمان دەگرت دەیانوت سیناریۆیە، ئێستا ڕۆژ نیە دوو بۆ سێ تیرۆریست دەستگیرنەکەین بەڵام بڵاوی ناکەینەوە چونکە ئەوەندە دەڵێن سیناریۆیە "ئەوە وا و ئەوە وا" دەکەونە توانج لەسەر ئەو پڕۆسانە، بەداخەوە پێویستە خەڵک خۆی ڕابگرێت بزانێت ڕاستیەکە کامەیە ئنجا پرسیار لەسەر ئەوە بکات."
 
بەڕێوەبەری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ناسنامەی ئەو "تیرۆریستانە"ی دەستگیری دەکەن ڕایگه‌یاند" ئەوانە خەڵکی خوارووی عیراق یا ئەوانەن کە لەسوریاوە دێنە ئێرە ئەبنە کرێکار، ئەبنە باخەوان یا لە چێشتخانە کاردەکەن، یاخود دەیانەوێت لێرەوە تێپەڕن و بەرەو وڵاتێکی تر بڕۆن و خۆیان دەرباز بکەن لە بازگەکان و سەرسنور و ناوشار یا دەوری شار، یا لەکەرکوک و خانەقین و کفری و کەلار دەستگیرییان دەکەین."
 
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خەڵکی ناوشاری سلێمانی تێدایە؟ لیوا حەسەن نوری وتی" لە (2%- 3%)ی خەڵکی سلێمانی تێدایە."
 
 
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن له‌ بازگه‌كان ڕزگاریان ده‌بێت له‌كاتێكدا پێویستیان به‌ "كۆدی ئاسایش-ه‌" ؟ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی وتی" هه‌ندێك له‌وانه‌ ناوی خۆیان ده‌گۆڕن و به‌ناسنامه‌ی ساخته‌وه‌ دێن، یا ڕیشیان ده‌تاشن و به‌شێوه‌ی جیاوازتر به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر زوو ده‌یانناسینه‌وه‌ ده‌ستگیرییان ده‌كه‌ین."