په‌رله‌مانی به‌ریتانیا رێككه‌وتنامه‌ی ده‌رچوونی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌تكرده‌وه‌

128 جار خوێندراوەتەوە کات10:42 بەروار13-03-2019
 په‌رله‌مانی به‌ریتانیا رێككه‌وتنامه‌ی ده‌رچوونی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌تكرده‌وه‌
راچڵه‌كین

په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا، رێككه‌وتنامه‌ی ده‌رچوونی ئه‌و وڵاته‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ناسراو به‌ (برێكسێت) ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌متر له‌ 20 رۆژ ماوه‌ بۆ ده‌رچوونی یه‌كجاره‌كه‌ی به‌ریتانیا له‌و یه‌كێتییه‌.

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ رێككه‌وتنامه‌ی ده‌رچوونی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌تكرده‌وه‌ و 312 په‌رله‌مانتار به‌ نه‌خێر ده‌نگیاندا و له‌ به‌رامبه‌ریشدا 308 په‌رله‌مانتاری تریش به‌ به‌ڵی پشتیوانیان له‌ پرۆژه‌كه‌ كرد.

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌هات، كه‌ دوێنی سێشه‌ممه‌، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ پلانه‌كه‌ی تیریزا مای‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌یان ره‌تكرده‌وه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

هه‌ر ئه‌مڕۆ تێریزا مای‌ رایگه‌یاند تاوه‌كو ئێستا له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو.

ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیا له‌ كاتێكدایه‌، بڕیاربوو رۆژی 29ی‌ ئادار به‌ریتانیا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بكشێته‌وه‌.