دوا قسەی خەمخۆرانە بۆ گۆڕان

141 جار خوێندراوەتەوە کات04:45 بەروار11-03-2019
دوا قسەی خەمخۆرانە بۆ گۆڕان

لەتیف فاتیح فەرەج


دۆستێكم كە گۆڕان نیە، بە لاقرتیەوە پێی وتم واز لە گۆڕان بێنەو ئەوەندە خەمی لێمەخۆ ، مردو زندو نابێتەوە ، من قسە كەم لە دڵ گرت ، پاشی ئەو بەشێوەیە تر چارەسەری قسەكەی كرد ،كێشە ئەوەیە كێشەت هەبێت و دانی پێدا نەنێی ، كێشەت هەبێت و بیدەیتە دەست رۆژگار ، كێشەت هەبێت و لە بری توێژینەوەو دۆزینەوەی ماكی كێشەكەو هەوڵی چارەسەر خەڵك راسپێری ئەوانە بێدەنگ بكەن كە دەست بۆ برینەكان دەبەن ، یان ئەگەر راسپاردنیش نەبێت هیچ بەوانە نەڵێی كە جنێو بە رەخنەگرو خەمخۆراكانت دەدەن ، بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان دوو هەڵبژاردنا 12 كورسی كەمی كرد كەچی چوار توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی وردی لەو بارەیەوە نەكرد، نەیپرسی ئەمە بۆ ، ئاخر چۆن دەبێت دەنگدەری حزبێك لە نیوە زیاتر پاشە كشە بكەن و تۆ لە هۆكارەكان نەپرسی ، بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاستی باڵادا كارەكتەرەكانی دەخزێن و كەس لە هۆكارەكان ناپرسێتەوە ، جا كە ئێمەش دوو قسەی خەمخۆرانە دەكەین دەدرێینە بەر تانەو تەشەر ، دەی باشە لە نەبوونی توێژەری باش بۆ هۆكاری شكستەكان ناچارین ئێمە دوو قسە بكەین ، ئەوەش لە خەمخۆریەوەیە نەك شتی تر.

حاجی كەسێكە بێكەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ‌ 
گوێی لێدەگرن زەریفە ناگرن بەڵا لە خۆتان 

چ لۆژیكێكە لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە سەدان هەڵسوڕاو ، كارەكتەر ، كەسایەتی ، وازیان لە گۆڕان هێناوە ، یان لە ماڵەوەن ، ئەو بزوتنەوەیە نەبای دیوە نەباران ، بە باوەڕی من بۆ بزوتنەوەیەكی سیاسی كە بزوتنەوەی دەنگدەرە ، كەس زیاد نیە، هەموو پێویستن ، لێ‌ دیارە گرفتێكی گەورە هەیە و دانی پێدا نانرێت ، ئێستا سەردەمی دوای نەوشیروان مستەفایە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئیدی نەوشیروان مستەفا وەك كارەكتەرێكی سیاسی تەواو خۆ دەبێت ئەو بۆشاییانە پڕیكرێتەوە ، خۆ دەبێت بێ‌ نەوشیروانی ئەو بزوتنەوەیە لە پەل و پۆ نەخات ، خۆ دەبێت ، بیركەرەوە ، توێژەری سیاسی ، خەمخۆری راستی ، چارەسەر بۆ كێشەكان دابنات ، بە باوەڕی من نەدەرپەڕاندن چارەسەرە ، نە بە جێهێشتن ، گفت و گۆو لێكنزیكبوونەوە ئەوە بەشێك لە كێشەكان، بەشی گرنگی كێشەكان چارەسەر دەكات .

بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو خۆیدا كێشەی هەیە ، لە تەك ئەوانی تردا كێشەی هەیە ، بەڵام ئاسۆی چارەسەری لێدیار نیە ، بۆ نمونە لە رێكەوتنی دەباشاندا كە هەردوو سەركردەی دیاری گۆڕان و یەكێتی زۆریان دڵ پێخۆش بوو ، عیبرەت لە جێبەجێكردندا بوو ، بزوتنەوەی گۆڕانیش وەك یەكێتی ئامادە نەبوو درێژە بە خەونی رێبەرە كۆچكردوەكەی بدات ، ئیتر بیانوو زۆرە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر لە عیبرەتەكە نەكاتەوە .

من بە سروشت لە وتاری كورتا درێژ دادڕی ناكەم ، دەنا قسە زۆرە بۆ وتن ، بۆ من گرنگ نیە كێ‌ لە گۆڕاندا دەبێتە چی و چ پۆستێك وەردەگرێت و دواتر دەمێنێتەوە یان نا ، بۆ من گرنگە حزبی سیاسی چاوی لە سەرترو زیاتر بێت نەك زەرەرو مایە كاری ، ئەمە بۆ یەكێتی و گۆڕانیش هەروایە ، خۆ گەر نا كە حزبێك هەموو هەڵبژاردنێ‌ پاشەكشە بكات و كەم بكات هەرنەبێ‌ باشترە .
برابن غایەتان یەك بێ‌ برایی غایە یەك بوونە 
ئەوی كۆمەك بە فكرت بێ‌ لە هەر لابێ‌ براتانه.