خەلیل سەركانی: لابردنی پاشەكەوتی مووچە داوای گۆڕانبوو

525 جار خوێندراوەتەوە کات07:04 بەروار09-03-2019
خەلیل سەركانی: لابردنی پاشەكەوتی مووچە داوای گۆڕانبوو
 
سازدانی: ئاوات خەیروڵڵا
 
ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی رازین  چونكە ئەوبەرنامە و پرۆژانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەپارتی داوە  بەڵێنی جێبەجێكردنیان داوە. دەشڵێت، ئەگەر پارتی رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ نەكات بزوتنەوەكەیان زەرەرمەند نابێت بەڵكوپارتی زیانی پێدەگات و متمانەی خەڵكی لەدەست دەدات. 
 
خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەوتێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی راچڵەكین باسی رێككەوتنی خۆیان و پارتی دەكات هەروەها پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی نیتشیمانی و چۆنیەتی یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان دەكات. 
سەركانی ئاماژە بەوەدەكات، وازهێنانی چەندسەركردەیەكی گۆڕان كاریگەری ئەوتۆی نابێت و  دەشڵێت رۆیشتنی ئەوسەركردانەش بەبیانوی رێكەوتن لەگەڵ پارتی زۆر ناڕەوایە، چونكە گۆڕان سێ بەسێ تەڵاقی نەخواردووە تا هەتاهەتایە ئۆپۆزسیۆن بێت. 
 
ئەوئەندامەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە، كە ئەگەربێت و هەڵبژاردنێكی تەندروست ئەنجام بدرێت لەهەرێم ئەوە لەئایندە سەنگی گۆڕان زیاتر دەردەكەوێت. 
 
دەقی چاوپێكەوتنەكەی راچڵەكین و خەلیل سەركانی
 
راچڵەكین: ئایە وازهێنانی چەند ئەنداماێكی جڤاتی گشتی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟ 
 
خەلیل سەركانی: سروشتی كاری سیاسی یان كە لایەنێك دروست دەبێت جار واهەیە سەركردەكەی دەكوژرێت یان دەستەی دامەزرێنەری دەمرێت و خەڵك دەڕوات و خەڵك دێت  كارێكی ئاساییە و هەرشتە و كاریگەری خۆی هەیە بەڵام حزبی سیاسی بەوە ماڵوێران نابێت  نەوشیروان مستەفا خۆی رۆی بزوتنەوەكە ماوە.
 
 
راچڵەكین : ئایە پەیوەندی بەبەشداریكردنی گۆڕانەوەهەیە  لەحكومەت ؟ 
 
خەلیل سەركانی: رۆشتنی ئەو ئەندامانە ئەگەر پەیوەندی بەبەشداریكردنی گۆڕان بێت لەحكومەتدا ئەوە رۆشتن و وازهێنانەكەیان زۆر ناڕەوایە، چونكە كە دەچیتە هەڵبژاردنەوە و كێبڕكێی دەكەیت یەك یان دوو مەبەستی هەیە ، مەبەستێكی ئەوەیە بەڵێن بە دەنگدەری خۆت و هاوڵاتی دەدەیت بەشداری دەسەڵات دەكەیت ولەڕێی دەسەڵاتەوە بەرنامەو پرۆژەكانت بكەیتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكی دیكەی ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆن بیت، ئێمە كەچوینە ناوهەڵبژاردنەوە تەڵاقمان نەخواردووە سێ بەسێ هەتا دنیا دنیایە ئۆپزسیۆن بین.
 
راچڵەكین: دەوترێت جڤاتی نیشتیمانی زانیاری هەڵەی داوە و پرسی بەجڤاتی گشتی نەكردووە بۆئەوەی  گۆڕان بەشداری حكومەت بكات ؟ 
 
خەلیل سەركانی: پرس بە جڤاتی گشتی كراوە و ئێمە كۆبونەوەمانكردووە بۆ هەموو پرسێك و بۆ هەر بارودۆخێك كەهاتووەتە پێش جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كردووە و پرۆژە و پێشنیاز و بەرنامەی خۆی هەبووە. پرۆژەكانی هەمووی داوە بەجڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە تا دەنگی لەسەر بدرێت، پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی گشتتییە. ئێمە كەچوینەتە نێو هەڵبژاردنەوە  سەرەڕای سەرنج و تێبینیمان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەكە بڕیارمانداوە بەشداریبكەین لەحكومەت، پارتیش براوەی یەكەم بووە و هەر لایەنێكیش براوەی یەكەم بووە و ئەو لیستی یەكەم بووە ئەوە حكومەت پێك دەهێنێـت  دەبێت تۆ دانوستان لەگەڵ ئەودا بكەیت، بەوپێوەرە یاسەییە ئێمە دانوستانمان لەگەڵ پارتی كردووە  وبڕیاری بەشداریكردنمان داوە چونكە ئەم وڵاتە پڕە لەقەیران و ماڵوێرانی دەبو ئەم كابینەیە زوو پێكبهێنرایە و دەستیبكردایە بەكار و  پرۆژەكانی خۆی بۆئەوەی ئەم قەیرانە تێپەڕێنێ و پرسی مووچە و خزمەتگوزاری  و ئەوشتانەی كەلەجێگای خۆیدا وەستاوە و هیچ شتێك لەم وڵاتەیە ناڕوات بەڕێوە و  ئەگەر ئێمە بەشداری نەكەین چی بكەین ، ئۆپۆزسیۆن لەم وڵاتە چی مافی هەیە، خۆ ئێرە وڵاتانی ئەوروپا نیە بەگوێرەی یاسا لەپەرلەمان مافی بۆدیاریكرابێت و دەسەڵات نەتوانێت غەدری لێبكات.
 
 
 
 
 
 
 
راچڵەكین: تاچەند كەمبونەوەی كورسییەكانتان هۆكاری بەشداریكردنتان بوو لەحكومەت؟
 
 
خەلیل سەركانی: ئەوفشارانەی لەسە بزوتنەوەی گۆڕان هەیە هیچ لایەنێك بەرگەی ناگرێت ، ئێمە د.بەرهەمان بینی نەیتوانی بەرگەی هەڵبژاردن بگرێت كە نوخبەی كوردستان و ئەمشارەی لەگەڵدابوو ئێمە چوینە هەڵبژاردن بەڵێنمان دابوو بچینە دەسەڵات و خزمەتیان بكەین  
 
 
راچڵەكین:هیچ گرەنتی ئایە كە رێكەوتنەكەی نێوان گۆڕان و پارتی  ئەوحزبە جێبەجێی بكات؟ 

خەلیل سەركانی: لەسیاسەتدا زەمان نییە، ئێمەد انوستانمان كردووە لەگەڵ پارتی و ئەوان پرۆژەكەی ئێمەیان قبوڵكردووە  قبوڵیانە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت كەبەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بوە و ئەو بەرنامەو پرۆژە سیاسییەی بزوتنەوەكە كەئێمە داومانە بەپارتی قبوڵیانكردووە وپێیان باشەو دەڵێن چاكسازی بەو بەرنامانە دەكرێت. ئیتر كە نایكەن خۆیان زەرەر دەكەن و گەلەكەمان زەرەر دەكات خۆ ئەم بزوتنەوەیە نەپرۆژەكەی خراپە دوای خەڵكیش متمانەی بەپارتی نامێنێـت  و ئەوان بەرپرس دەبن لێی نەك ئێمە گۆڕان لەسەر بەنامەو  پاكێجی خۆی سورە كە بیكاتە بواری جێبەجێكردنەوە  و پارتیش بەڵێنی  داوە كە بیكاتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڵێنی ئەوەشی داوە كە ئەم كابینەیە لەكابینەی تر نەچێت و تا ئیمكان هەبێت چاكسازی بكەن و ئەم كابینەیە خزمەتگوزاربێت و هەموو ئەو كێشانەی هەن چارەسەربكات. 

راچڵەكین لەبەرنامەكاتان كات و ئەگەری جێبەجێ نەكردنتان دیاریكردووە؟
 
خەلیل سەركانی: ئێمە سەقفێكمان هەیە یان كات و هەنگاو بەهەنگاومان دیاریكردووە تا چی كاتێك چی پرۆژەیەك جێبەجێ دەكرێت لەوەبەدواوە چی قۆناغێك دەبێت و چی جێبەجێبكرێت  و گۆڕان هەموو ئەوانەی  لەگەڵ پارتی دیاریكردووە   و  دانوستانی لەگەڵكردووە و ئەوانیش بەڵێنی جێبەجێكردنیان داوە.  
 
راچڵەكین: ئێوە پێتان وایە رێكەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی لەبەرژەوەندی هاوڵاتین بێت یان لەسەر داوای لایەنی دیكە بووە؟ 
 
خەلیل سەركانی: یەكێك لەخاڵەكانی ئێمە پاشەكەوتی مووچەیە و داوای ئێمەبوو  ئەوانیش بەڵێنی لابردنیان دا  كەئەوەش پەیوەندی بەقوتی خەڵكەوە هەیە و خاڵێكی دیكە رێگەوبانە و ئاو كارەبا وخزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و بەڵێنیان داوە كە ئیشی لەسەربكەن وجێبەجێی بكەن ئەوەیە رێكەوتنی ئێمە لەگەڵ پارتی. 
 
راچڵەكین : هاوڵاتیان و دەنگدەرانتان دەڵێن  بەشداری گۆڕان لەحكومەت لەداهاتوو كاریگەری لەسەر دەنگی گۆڕان دەبێت؟ 
خەلیل سەركانی:  لەرۆژی لەدایك بونی ئەم بزوتنەوە ئەو جنێو  وتەشهیرە و نەیارەكانی گۆڕان لەتۆڕە كۆمەڵایەتیییەكان و سۆشیال میدیا بەدەر نەبونە لەقسەركردن بەگۆڕان و هەرچیان پێكرابێت كردویانە و ئەگەر نەچوینایاتە دەسەڵاتیش هەر قسە و رەخنەیان لەگۆڕان دەگرت كە ئێمە خۆمان بەنەیاری هیچ لایەن و كەس نازانین  بۆئەوە دروست نەبوین رقمان لەخەڵك بێت و كێشەو گرفتمان لەخەڵك نیە ئێمە شێوازی حكومڕانی هەرێم پێمان تەندروست نەبوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان و جارێ باخەڵكیش چاوەڕێ بكات ئەم كابینەیە هێشتا پێكنەهاتوە  و ئەگەر هەڵبژاردن لەم وڵاتە تەندروست بێت هەمووكەس حەجمی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆدەردەكەوێت..
 
 
راچڵەكین:  پۆستەكانی گۆڕان لەكابینەی داهاتوو چۆن یەكلایی دەكرێتەوە؟   
خەلیل سەركانی: لەدانوستاندا تۆ داوی شتێك دەكەی بەرامبەریش داوای شتێكی دیكە دەكات لەبەر ئەوە لەئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی كەئێمە لەگەڵ پارتی كردومانە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئێمە لەرێكەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی رازین  دیاریكردنی وەزیرەكانی گۆڕانیش تائێستا كەس دیاری نەكراوە و ئەسڵو ئەساسیشی نیە ئەو دەنگۆیانە، پۆستەكان دیارن كەچی دراوە بەبزوتنەوەی گۆڕان و لەسەر چی رێككەوتوین  بەڵام لەسەر ئەوەی كەسێك بۆ پۆستی فڵانی گۆڕان تا ئێستا هیچی دیاری نەكراوە و ئەسڵی نیە چونكە ئەوانە جڤات بڕیاری لەسەر دەدات و ئێمەش كۆمەڵێك مەرجمان هەیە لەگەڵ ئەوكەسانە. 
 
راچڵەكین: ئایە بەسیڤی یەكلایی دەكرێتەوە؟ 
خەلیل سەركانی : ئێمە داوای سیڤیمان لەخەڵك كردووە بەڵام دوایین جار بزوتنەوەكە یەكلایی دەكاتەوە كە كێ بۆ چی پۆستێك دیاری دەكرێت  و كێ گونجاوە بۆ ئەوپۆستانە وە  كۆمەڵێك مەرجی خۆشمان هەیە ئێمەلەبەر ئەوانە هەمووی قسەی خەڵكە بەڵام بەدڵنیایی ئێمە برادەرەكانی خۆمان دانێن.
 
  
راچڵەكین:  ئایە لەئێستادا پەیوەندیتان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چۆنە؟ 
خەلیل سەركانی: ئێمە وەكو هاوڕێیەتیش بێت زۆربەمان قۆناغێكی دورو درێژ لەناو یەكێتی بوین  و زۆرمێژوی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ یەكێتی نە رقمان لێیانە و نەخۆشمان بەدوژمنی یەكێتی نازانین ئەگەر ئاستەنگێك یان لێكتێنەگەیشتنێك هەبوبێت و هەر بارودۆخێك دروستبوبێت بزوتنەوەی گۆڕان لێی بەرپرس نیە ئەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە رێكەوتنی دەباشانی جێبەجێ نەكردووە و یەكێتی بوە هاتووەتە سەرگردەكە تەقەی لەئێمە كردووە هەر یەكێتی بووە هاتووە هەڵبژاردنێكی ناتەندورستی كردوە و هاتووە فشاری بۆ ئێمە هێناوە سزادانی یاسایی ئێمەی كردووە خۆ گۆڕان نەبووە ئەو كارانەی كردووە. 
 
راچڵەكین: چۆن پەیوەندیتان ئاسایی دەكرێتەوە؟
 
خەلیل سەركانی: ئەگەر یەكێتی بێت لاپەرەیەكی نوێ هەڵدەینەوە بەنیەتێكی پاك و لێكتێگەیشتن هەبێت خۆكفری خودا نیە بۆ دانەنیشین لەگەڵیانا هەرچی بێت ئێمە هاوڕێی یەكترین ئەم وڵاتە پێویستی بەدانوستان و لێكتێگەیشتن و دانیشتن لەسەرمێزی گفتوگۆ هەیە بۆ رێكەوتنی سیاسی چونكە بەكۆی گشتی میلەتەكەمان زەرەرمەند دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر یەكێتی نیەتی پاك بێت بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئامادە نیە.