کۆسرەت ڕەسوڵ، ترازانی گۆڕی بۆ سازان

7727 جار خوێندراوەتەوە کات06:39 بەروار08-03-2019
کۆسرەت ڕەسوڵ، ترازانی گۆڕی بۆ سازان

جەواد سەعید

دۆخی نێوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاش کۆچی دوایی سکرتێری گشتی، بەجۆرێک ئاڵۆزبوو کە نەیدەتوانی بڕیار بە  دەستەجەمعی دەربکات، زۆربەی بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکان پەیوەست بەناوخۆی یەکێتی و پەیوندی لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی عێراق و ووڵاتانی دەوروبەر بە تاک لایەنە و نھێنی دەرکراون، ئەگەرچی بەپێی پەیڕەو، کاک کۆسرەت وەکو جێگری سکرتێری گشتی، مافی ئەوەی ھەبوو دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی بەکاربھێنێت بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی درزی ناو یەکێتی گەورەتر نەبێت و جیابونەوە و توڕەبوون ڕوونەدات، بێدەنگی ھەڵدەبژارد و دەیکردە خەفەت و لەناخیدا خەفەی دەکرد، بەکارنەھینانی دەسەڵاتەکانی وەکو جێگر ھێندەیتر کۆشی یەکێتی خستەگۆڕێ ئەمەش وایکرد بەئاسانی کەین و بەین لەبەینی چەند کەسێکی ناو یەکێتی و لایەنیتر  دروستببێ کە دواجار بووە ھۆی ئەوەی ھەندێک ڕووداوی نەخوازراو کە لە مێژووی ھەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی یەکێتی نەوەشێتەوە. بەڵام جێگای دستخۆشییە، ئەمجارەش کاک کۆسرەت ھاتە سەر خەت و  نەیھێشت درز بکەوێتە نێو ماڵی کورد و لە بری ترازان و ماڵوێرانی، سازانی دروستکرد. کاک کۆسرەت لە مێژووی خەباتی شاخ و شەڕی ناوخۆی شار کۆمەڵێک ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەوایەتی لە ژیانی سیاسی خۆی تۆمارکردووە، بەردەوام دژی شەڕی کورد و کورد وەستاوەتەوە. ھەمیشە گوتویەتی تەنازول بۆخۆمان بکەین نەک بۆ دوژمن.

با بەدەستی خۆمان بیکەین نەک بەدەستی دەرەکی

لەپاش کۆتایی ھاتنی مفاوەزاتی یەکێتی و عێراق، ساڵی ١٩٨٥یەکێتی بڕیاریدا، زەڕبەیەکی کوشندە لە حکومەتی بەعس بسرەوێنێت، بۆ ئەو مەبەستە بیرە نەوتەکانی کەرکوکیان ھەڵژارد کە دەمارێکی گرنگی ئابوری عێراقە و حکومەتی بەعس ھێندەیتر شپرزە دەبێت. دوای تاوتوێکردنی پلان و جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگاکەی لەلایەن سەرکردایەتییەوە، پێشنیارکرا کە تێیدا سەرباز و چەکی لایەنی دەرەکی لەو ھێرشەدا بەکاربھێندرێن، لەو کۆبونەوەیەدا ئەوەی زۆر پێداگری کرد لەوەی کە کارێکی باش نییە ئەگەر لایەنی دەرەکی لەو چاڵاکییە بەشداربێت چونکە باجەکەی میللەتەکەمان دەیدات و عێراق کاردانەوەی توندی دەبێت بۆیە واباشترە بەدەستی خۆمان بیکەین نەک بەدەستی دەرەکی بەڵام گوێی لێنەگیرا و بەتەنزەوە پێان وتبوو فاڵ بۆ بۆچونەکەت بگرەوە" شخاتەیەک ھەڵدە، گەر لەسەر لابەرزەکەی چەقی ئەوا بوچونەکەت ڕاستە". بەداخەوە پاشان بینیمان میللەتەکەمان چ باجێکیدا.

لە دڵی دوژمن بدەن، خۆتان لە شەڕی بچوک مەدەن

لە ناوەڕاستی ھەشتاکان، کاک کۆسرەت بەرپرسی مەڵبەندی (٣) بوو، سنوری چاڵاکی مەڵبەند لە حاجی ئۆمەرانەوە درێژ بوبۆوە تا قەراج و کەندێناوە، لەماوەی ٣ ساڵدا زۆرترین و کوشندەترین  زەربە لە دوژمن وەشێندرا، ئەو سەردەمە بە سەرەتای ناساندنی کاک کۆسرەت دادەنرێت لەسەر ئاستی کوردستان و لەناو قیاداتی حکومەتی بەعس لەڕووی ئازایەتی و ڕق ئەستور بەرامبەر بەعس، زۆرجار ڕژێمی بەعس  سڵی دەکردەوە لە ئەنجامدانی تاوانی گەوەرە لە سنوری ھەولێر چونکە دەیزانی تۆڵەکەی بەزەبرە، بە جۆرێک وەسفی دەکرا کە ئەگەر ھێرش بکات ئەوا ھەیمەنە و ورەی سوپای بەعس تێکدەشکێنێت، گەرچی دەرچوی ھیچ ئەکادیمیایەکی سەربازی نەبوو بەڵام وردو بەسەلیقە بوو لە پلان و بەرگری نەخشەی شەڕدا، ھەندێکجار فەرماندە سەربازییەکان پێشنیاری گرتنی ڕەبیەی جاشی نێوان ھەولێر و شاروشاۆچکەکانیان بۆ دەکرد، ئەویش دەیگوت لەدڵی دوژمن بدەن، خۆتان لە شەڕی بچوک مەدەن. ھەر خۆی نەخشەی ھەموو شەڕکانی دادەنا و زۆرجاریش لە پێشەوە خۆی ھەڵمەتی دەبرد. لە پێشمەرگایەتی لەگەڵی بووم، ئەوەی سەرسامی کردبوم ئازایەتی و ھەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی بوو لەتەک ئەمانەشدا ھیچ تاوانێکی پێ قبول نەدەکرا بەرامبەر کورد کە لەلاین ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدەدرا، ئۆقرەی نەدەگرت تا تۆڵەی نەکردبایەتەوە، ھەمیشە شوێنی ستراتیجی و ھەستیاری سوپای بەعسی ھەڵدەبژارد بۆ لێدان. لە پایزی ١٩٨٧ فەرماند سەربازییەکانی تیپەکانی مەڵبەندی بانگکرد بۆ تاووتوێکردنی لێدانی کارگەی کیماوی میشراق کە دەکەوێتە نێوان موسل و تکریت لەسەر زێی دجلە، ئەو کارگەیە دەورە درابوو بە چەندین رەبییەی ھیزی تایبەت و جەیشی شەعبی، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لە سماقولییەوە چوینە سەر جادەی دەربەندی گۆمەسپان، کات عەسر بوو، ھێشتا ئۆتۆمۆبیلی نیوان ھەولێر و کۆیە ھاموشۆی دەکرد، ئەو ھێزەی لەگەڵ ئێمەدا ھاتبوون لەوێ بە پیادە پەڕینەوە بۆ دەشتی ھەولێر، کاک  کۆسرەت ڕای گۆڕی و وتی با بەو پیکئاپە دەبلەیە بچینە دێگەڵە و لە وێوە بە جادەی بێستانە بۆ دەشتی ھەولێر شۆڕبینەوە، ھەندێک وتیان ئەوە موجازەفەیە ڕەنگە تەقەمان لێبکەن و دەرنەچین، کاک کۆسرەتیش ووتی لەوکاتە حکومەت تەسەور ناکات پێشمەرگە بە ناویاندا بڕوات دوای ئەوەش دوژمن چەکی پێیە و ئێمەش چەکمان پێیە، پیاو کە شۆڕشی کرد نابێت بترسێت، ئیتر خۆی سەیارەکەی لێخوڕی و وتی دوانتان لە پشتی پیکئاپەکە بەرامبەر یەکتر دەنیشن کلاشینکۆفەکانتان سوار بکەن، ئەگەر ئاشکرا بوین من ناوەستم ئێوەش تەقە بکەن، دەرئەنجام حکومەت ھەستی نەکرد و دەرچوین، کە گەیشتینە بێستانە ھێزەکە لەوێ کۆبووبوونەوە، کە دنیا تاریک بوو لە جادەی ھەولێر- کەرکوک  و ھەولێر- مەخمور پەڕینەوە، شەو لە چیای قەرەچوخ ماینەوە، ڕۆژی دواتر، عەسرێکی درەنگ ھاتینە خوارەوە و ھەر ھێزەو بەرەو شوێنی دیاریکراو بەڕێکەوتین، کاتژێر ١٢ی شەو شەڕ دەستیپێکرد، دوای کەمتر لە دوو کاتژێری شەڕی دەستەویەخە چەندین رەبییە دەستیبەسەرداگیراو دەیان پارچە چەکی سوک و قورس ببوە دەستکەوت، ھەرھەمان شەو گەڕاینەوە گوندی سێگردکانی سەر بە شارۆچکەی تەقتەق. ڕژێمی بەعس واقیوڕمابوو کە چۆن ھێزێکی وا گەورە بێتە قوولایی خاکی ژێر دەسەڵاتی ئەوو زەبرێکی وا کاریگەر لەو شوێنە ھەستیارە بوەشێنێت.

سەری ڕەش و ماڵەکەی سەدام

سەری ڕەش، لەڕووی سەربازییەوە شوێنێکی ستراتیجی سوپای عێراق بوو، ماڵی سەدامی لێبوو، مقەڕی فەیلەق و ژووری عەمەلیاتی بەرەی باکوری شەڕی عێراق- ئێرانی تێدابوو. شوێنێکی قایم و دژوار بوو بۆ گرتن، بەشێک لە ڕەبیەییەکانی سپێردرا وون بە مستەشارێکی ئەو سەردەمە. کاک کۆسرەت زۆر مەراقی بوو سەری ڕەش بگرێت، دوواجار نامەی بۆ ئەو مستەشارە نارد و ڕازی کرد بەوەی ھەندێک پێشمەرگە بنێرێتە لای بەتاکتیک تا ببنە جاش و بەسەر ڕەبیەکان دابەشیان بکات، بۆئەوەی لە کاتژێری سفردا ڕەبیەکان تەسلیم ببن و ببێتە کارئاسانی بۆ گرتنی شوێنەکانیتر. ١٩٨٨/١/١٨ ڕۆژێکی سارد بوو، بەفر لە نیوەڕۆوە دەستیپێکرد، تا ئێوارە تەواوی ناوچەکە سپی بوو، ئەمدیو و ئەودیوی بناری چیای سەفین، جگە لە پێشمەرگە و بەفر ھیچ شتێکی دیکە نەدەبینرا. شەو ھەموو تیپەکانی مەڵبەندی (٣) لە کەشێکی باو و زریانێکی بەھێزدا، بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆیان بەڕێکەوتن، کاتژێری سفر شەڕ دەستیپێکرد، لەماەی سێ کاتژێری شەڕێکی گەرم لە کەشێکی سارددا تەواوی شوێنەکان گیران، لەو شەڕەدا چەندین دەبابە و مودەرەعە سوتێندران، سەدان سەرباز بەدیلگیران و ھەزاران پارچە چەکیش بەردەستکەوت. ئەو شەوە سەری ڕەشیش چزەیەکیتری لە دڵی سوپای ڕژێم ھەڵساند.

علم ئیعدام ناکرێت

ھاوینی ١٩٨٧ بوو، دوو مامۆستای زانکۆی بەشی فیزیا گیرابوون، ھەدوکیان عەرەب بوون، جگە لەوەی کە ئەندامی حزبی بەعس بوون ھیچ تاوانێکیان بەرامبەر بە کورد بەسەردا ساغنەبۆوە. لەو ئانوساتەدا بەرپرسێکی تەنزیمی کۆمەڵە لە کەرکوک شەھید کرا، مەکتەبی سیاسیش بروسکەیەکی بۆ کاک کۆسرەت نارد، لە بروسکەکە نوسرابوو "لە تۆڵەی ئەو شەھیدە پێویستە ئەو دوو مامۆستایە ئیعدام بکرێن" کاک کۆسرەتیش لە پشتی بروسکەکە وەڵامی دایەوەو نووسی" ئەوانە عالمن علم ئیعدام ناکرێت، ھیچ تاوانێکیان لەسەر نییە" پاشان دووبارە لە مەکتەبی سیاسییەوە ھەمان بروسکە بەشێوەی بڕیار نێردرایەوە و ھەڵوێستەکەی کاک کۆسرەت نەیخوارد.

دووجار جەرگم سوتاوە، توخوا با ئەوجارەش جەرگم نەسوتێ

پاشنیوەڕۆی ڕۆژێکی مانگی ٧ی ١٩٨٧، پیاوێکی بەتەمەنی شەکەت و ماندوو، گۆچانێکی بەدەستەوە بوو، ھێواش ھیواش بەرەو بارەگای مەڵبەند دەھات، کە گەیشتە لام ھەناسەی سواربوبو، پەڕۆیەکی سپی لە گەردەنی پێچابوو، نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕکی ھەبوو و  دەنگی باش نەدەھات و لێی حاڵینەدەبوم، ئەویش پەڕۆیەکەی لاداو پەنجەی لەسەر کونی قوڕکی داناو گوتی دەڵێن کۆسرەت لێرە مەسولە، وتم فەموو خاڵە چیتدەوێ، کوڕەکەم گیراوە، بێ گوناحە بەخوای لەبەر عەسکەری بویتە فرسان، دەمەوێ ئەو پیاوە بدینم، منیش چوم بە کاک کۆسرەتم گۆت، ئەویش گۆتی بابێت، کە گەیشتە لای ڕووی لە ئاسمان کردو لەبەر خوا پاڕایەوە و چی بۆ من باسکرد بۆ ئەویشی باسکرد، لە کۆتاییدا گۆتی دووجار جەرگم سوتاوە، توخوا با ئەوجارەش جەرگم نەسوتێ، کاک کۆسرەتیش نامەیەکی بۆ سجن ناردو کوڕەکەیان ھێنا و گوتی فەرموو ئەوە کوڕەکەت بەڵام مەھێلن کوڕ و کەسوکارتان ببن بەجاش و شەڕی شۆڕش بکەن چونکە لەو بەینەدا ئەوەی خوێنی دەڕژێ ھەر کوردە و ڕژێم بەوە خۆشحاڵدەبێت، پیاوەکەش تێر تێر کوڕەکەی بۆن کردو لەگەڵ خۆی بردییەوە.

دەمەوێت داستانێکی مێژوویی بۆ کورد و یەکێتی تۆماربکەم

دوای ئەنفالی یەک (دۆڵی جافایەتی) و ئەنفالی دوو ( گەرمیان و دەشتی کۆیە)، ئەنفالی سێ لە ھاوینی ١٩٨٨ بۆ سەر سنوری مەڵبەندی (٣) دەستیپێکرد، دوای پتر لە دوو مانگ شەڕی قورس و بەرگری بێوێنە، سوپای عێراق  پاشەکشەی کرد و تەواوی ئەو ھێزانەی گواستەوە بۆ دۆڵی باڵەییان بۆ ئەوەی خەتی ھاوکاری ببڕێت و مەڵبەندی (٣) داببڕت لە مەڵبەندەکانی تری یەکێتی کە ئەوکات لەسەر سنور بوون، ھەربۆیە مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا مەڵبەندی (٣)ش پاشەکشە بکات بۆ سەر سنور و بناری قەندیل. کاک کۆسرەت بەو دۆخەی بەسەر یەکێتی ھات زۆر بێتاقەت و نیگەرانبوو، بۆیە پێشنیاری بۆ کاک نەوشێروان کرد کە ڕێگای بدەن خۆی و سەد پێشمەرگە بەھاوکاری دۆستەکانیان بە چەک و زەخیرەوە خۆیان بگەیەننە سەر قەڵای ھەولێر و شەڕ بکەن تا ھەموویان شەھید دەبن، بەمەش داستانێکی مێژوویی بۆ کورد و یەکێتی تۆماردەکەن، بەڵام کاک نەوشێروان ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە و لەبری ئەوە پێشنیاریکرد شەھید حەسەن کوێستانی و ھێزێک لە ناوچەی باڵەکایەتی و خۆشناوەتی بمێننەوە و مەفرەزەی بچوک بچکویش بۆ شوێنەکانیتر.

خەڵک عەیبی نییە، خەتای قیادەکانە

لەسەر سەکۆیەکی بن کەلاوەیەکی دەوروبەری کەرکوک، بە تەندروستییەکی ناجێگرەوە سەرپەرشتی شەڕەکان دەکات، کاتێک پرسیاری لێدەکەن، وەزعەکە چۆن دەبینی؟ لەوەڵامدا دەڵێ " خەڵک عەیبی نییە، پێشمەرگە زۆر ئازایە بەڵام خەتای قیاداتی کوردیە، دنیا حسابی دەوڵەتمان بۆ دەکات بەڵام خۆمان حسابی دەوڵەت بۆ خۆمان ناکەین" ئەمە قسەی خودی کاک کۆسرەتە. ئەو قسەیە ئەوەمان پێدەڵێ کە خەڵکی کوردستان سەبری ئەیوبیان ھەبووەو قیاداتی کوردیش پەلەی کورسی، خەڵکی ھەژار قوربانی دەرن و قیاداتی کوردیش پارەبەرن.

بەڕێز کاک کۆسرەت، یەکێتی و حزبەکانیتر خەباتی زۆریانکردوە، ھەزاران ڕۆڵەیان لە پێناو نیشتیمانێکی ئازاد و ژیانێکی خۆشگوزەران و دیموکراسی، خوێنیان بەخشیوە، بەڵام مخابن پاش ئەو ھەموو قوربانی و ماڵوێرانییە، لە ئێستادا ئەوە حاڵی نیشتیمانەو ئەوەش ئەوەش ژیان و گوزەرانی خەڵک! خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک، نەبونی خزمەتگوزاری، ململانێی ناخۆ، پاشەکشەی دیموکراسی و نادادی کۆمەڵایەتی وایکردوە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی نەوەی تازە ھیچ حسابێک بۆ خەبات و ماندوبونتان نەکەن، خەڵکی کوردستان لەبری ئەوەی بەرھەمی خۆشگوزەرانی خەباتەکەیان بخۆن، خەمدەخۆن!

ئەو ھەنگاوەتان بۆ ڕێککەوتن و ڕەوینەوەی لێکترزان و خوێن ڕشتن جێگای ڕێزو دەستخۆشییە، بەڵام ھەر ھێندە بەس نییە و خەڵک چاوەڕوانی ژیانێکی شایستە و دادپەروەریتان لێدەکات، ئەمەش بە پڕۆژەی باش و خەڵکی باش و پاک دەکرێت نەک گەندەڵ و نابەرپرس.