چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی چۆن كه‌وتنه‌ كه‌مینه‌وه‌؟

2904 جار خوێندراوەتەوە کات09:45 بەروار07-03-2019
چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی چۆن كه‌وتنه‌ كه‌مینه‌وه‌؟
راچڵه‌كین

سێ كۆسته‌ری پڕ له‌ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی، له‌ رێگای گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ موسڵ  كه‌وتنه‌ كه‌مینه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌، زیاتر له‌ نیوه‌یان كوژران و برینداربون.

روداوه‌كه‌وه‌ شه‌وی رابردوو بوو، كاتێك كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی حه‌شدی به‌ ناوچه‌یه‌كی قه‌زای مه‌خمور سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وادا تێپه‌ڕی، به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك و دوزخورماتوو دوای وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگانه‌یان كه‌ له‌ موسڵ دابه‌شده‌كرێت.

حسێن عه‌بدلواحد، چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی و رزگاربویه‌كی كه‌مینه‌كه‌یه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 7:30 خوله‌كی شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 6ی ئازار، له‌ موسڵ گه‌ڕاینه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ وه‌رگرتنی موچه‌كانمان رۆیشتین كه‌ له‌رێی كارتی زیره‌كه‌وه‌یه‌، كاتێك به‌ رێگایه‌كی خۆڵیدا تێپه‌ڕین له‌ قه‌زای مه‌خمور روبه‌روی هێرش بوینه‌وه‌".

له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌كرا، ده‌ستڕێژی گولـله‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمبێله‌كان بوو

"له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌كرا، ده‌ستڕێژی گولـله‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمبێله‌كان بوو، سێ كوسته‌ر بوین و نزیكه‌ی 90 كه‌سی تێدابوو، له‌ هه‌شت بۆ 9 چه‌كه‌وه‌ ته‌قه‌كه‌كان ده‌كران".

ئه‌و چه‌كداره‌ی حه‌شد ده‌ڵێت هیچ بۆمبێكی چێنراو نه‌بوو، ته‌نیا كه‌مینێكی چه‌كداریی بوو، "ئێمه‌ش چه‌كی پێویستمان پێ نه‌بوو، ته‌نیا شه‌ش كڵاشینكۆفمان پێ بوو".

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی، له‌و روداوه‌دا شه‌ش چه‌كداریان كوژران و ده‌یانی تر برینداربون.

حسێن عه‌بدولواحید وتی "شه‌ش كه‌سمان شه‌هید بوه‌ و نزیكه‌ی 50 كه‌سی تریش به‌هۆكاری جیاواز برینداربون به‌ فیشه‌ك یان پارچه‌ شوشه‌ی جامی كۆسته‌ره‌كان".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی ئازار، لیژنه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشتنه‌ كه‌ركوك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و روداوه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر راسپارده‌ی فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی حه‌شد.

قوربانیانی روداوه‌كه‌وه‌، زۆرینه‌یان له‌ حه‌شدی توركمانی و خه‌ڵكی قه‌زای دوزخورماتوو بون، ئه‌مڕۆ له‌ مه‌راسیمێكدا ته‌رمه‌كانیان به‌خاكسپێدرا.

عه‌لی حسێنی، سه‌ركرده‌ له‌ حه‌شد و وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری ئه‌و هێزه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هێزه‌ی حه‌شد له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ موسڵ كه‌وتونه‌ته‌ كه‌مین و هێرشی داعشه‌وه‌"، ره‌تیشیكرده‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوانی حه‌شد گه‌یشتبێته‌ 150 كه‌س وه‌كو هه‌ندێك له‌ میدیاكان بڵاویانكردۆته‌وه‌.

هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ فه‌وجی دوزخورماتوی سه‌ر به‌ لیوای 15 بون، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی لیواكه‌یان كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، بۆ نزیكه‌ی كاتژمێرێك روبه‌روی هێرشبه‌ران بونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ داعش ناوی ده‌به‌ن، تا ئه‌وكاته‌ی هاوكارییان پێگه‌یشتووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "روداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو له‌ نێوان مه‌خمور و قه‌راج بووه‌، كه‌مینه‌كه‌ش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ دانراوه‌ له‌ نزیك گوندی باقرگه‌".

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ برینداره‌كان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی گه‌یاره‌ و مه‌خمور كراون، ناوچه‌یه‌ك كه‌وتۆته‌وه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی سوپای عیراقی.

هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڕیاریدا به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌وه‌، به‌ پێویستیشی زانی رێكاری گونجاو بگیرێنه‌به‌ر بۆ پارێزگاری له‌ كاروانی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌ پشودان.

هه‌رچه‌نده‌ نه‌ینه‌وا و ته‌واوی ناوچه‌كانی تری عیراق زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ناوبه‌ناو به‌ تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی جێناكۆك، جموجۆڵی چه‌كداری و روداوه‌ی جیاواز هه‌یه‌ له‌ نێویاندا هێرشی چه‌كداری.