ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆران: ناكرێت هەرسێ‌ پۆستی سەرۆكایەتی لای پارتی بێت

556 جار خوێندراوەتەوە کات02:07 بەروار21-02-2019
 ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆران: ناكرێت هەرسێ‌ پۆستی سەرۆكایەتی لای پارتی  بێت

راچڵەكین-
د. ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران رایدەگەیەنێت، برادەرانی یەكێتی لەم دۆخە نیگەرانن لەو رێككەوتنە سیاسییەی بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ پارتی ئیمزای كردوە، باس لەوەش دەكات گۆران ئازادە لەگەڵ كێ‌ رێككەوتن دەكات ‌و برس بەهیچ هێزێكی سیاسی ناكات، ئەو وتی "وەك چۆن پێشتر رێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتی كرد پرسمان بە پارتی نەكرد، ئێستاش رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەكەین‌و پرس بە یەكێتی ناكەین".


د. ئیسماعیل نامیق لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاوێنە رایگەیاندووە:  ئێستا كە سكرتێری پەرلەمان دەدرێت بە توركمان، من ترسم هەیە ئەمەش لەداهاتو هەروەك كورسی كۆتاكان بەخراپی بەكار بهێنرێت.

لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت لەسەر بەشداریكردنی لەدەسەڵات لەجێی خۆیدایە د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت: رەخنەكە هەر روبەروی گۆران نابێتەوە، بەتایبەت لەسەر دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەمو هێزەكانی دیكە لەپێش هەمویانەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نازانم بەداخەوە ئێستا شەری وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات یان شەری چی دیكە دەكات، دەبو یەكێت‌و گۆران‌و نەوەی نوێ‌، یەكگرتوی ئیسلامی‌و كۆمەڵ‌و لایەنەكانی دیكە بەوە رازی نەبونایە كە سكرتێری پەرلەمان بدرێت بە پێكهاتەی توركمان، لەبری ئەو پۆستە بە شتێكی دیكە قەرەبو بكرانایەتەوە تا ئەو كاتەی كورسی كۆتاكان بە جوانی رێك دەخرێتەوە بۆ مەبەستی سەرەكی خۆی‌و بۆ خزمەت كردن بە پێكهاتەكان نەك ئەوەی لەململانێ‌ سیاسییەكان بەكار بهێنرێن.

وتیشی: من پێشنیازی ئەوەشم كردوە كە سكرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپۆزسیۆن بە دەقێكی یاسایی، چونكە لەماوەی رابردو پەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات زۆر ناتەندروست بوە، ئۆپۆزسیۆن وای هەست كردوە خاوەنی هیچ شتێك نیە‌و خۆی بە غەریب زانیوە لەناو پەرلەمان‌و حكومەت‌و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم، بۆ ئەوەی ئەم هەستە نەهێڵین‌و ئۆپۆزسیۆنیش خۆی بەخاوەنی ئەم پەرلەمانە بزانێت سكرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپۆزسیۆن، چونكە هەم خزمەت بە ئۆپۆزسیۆن دەكات و هەم خزمەت بە حكومەت‌و پرسەی سیاسی‌و خەڵكی كوردستان دەكات، ئەمە نمونەیەكی غەریب نیە ئێستا لەوڵاتی بەریتانیا سەرۆكی پەرلەمان بەیاسا دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆن بێت بەو مەرجەی سەركێكی بێلایەن بێت، خوانەخواستە من مەبەستم ئەوە نیە دژایەتی پێكهاتەكان بكەم، ئێمە مادام قەدەرمان وایە دەبێت هەمو پێكەوە بین دەبێت بە ئاشتی‌و یەكسانی لەم هەرێمەدا ژیان بكەین، بەڵام بۆ دەربازبون لەو دۆخە خراپەی لەرابردو دروستكراوە هەوڵ بدرێت ئەم رێوشوێنانە بگیرێتەبەر.

راشیگەیاندووە: لەم دۆخەی ئێستادا ناكرێت هەرسێ‌ پۆستی سەرۆكایەتی لای پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، كاتی خۆی رەوانشاد كاك نەوشیروان وتی سیستەمێكی پەرلەمانیمان دەوێت هاوشێوەی بەغدا ماناكانی پشت ئەم بابەتەی خوێندویەوە بۆیە وای دەوت، ئەگەر سیستەمێكی پەرلەمانیمان هەبێت هاوشێوەی بەغدا زۆر باشە، ئەوەی لەوێ‌ هەیە بە رێككەوتنە چونكە شیعەكان زۆرینە پێكدەهێنن‌و دەتوانن هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە بۆخۆیان ببەن، بەڵام بەپێی رێككەوتنەكە تەنها سەرۆكی حكومەتیان لایە‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ سوننەیە‌و سەرۆك كۆماریش بەشی كوردە، ئینجا نابێت پارتیش لەژێر حوكمی ئەم زۆرینەیەدا  هەرسێ‌ پۆستەكە بۆ خۆی ببات، چونكە تا ئێستاش پرۆسەی هەڵبژاردن لەكوردستان رێرەوی ئاسایی خۆی وەرنەگرتوە‌و خەڵك نەیتوانیوە گوزارشت لە دەنگی راستەقینەی خۆی بكات، هەر لەسەرژمێری خەڵك، چۆن دەنگ دەدرێت‌و هەمو ئەو فشار‌و گوشارەی هەیە وای كردوە هەڵبژاردنێكی پاك‌و دور لەساختەكاری لەهەرێم نەكرێت، یەكێتی‌و پارتی بەتایبەتتر پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای ساڵی 1992 بەشەرعیەتی شۆرشگێری خۆیان سەپاندوە و بەهەر شێوەیەك بو بێت زۆرینەیان بۆخۆیان دەستەبەركردوە، ئیتر بە ساختەكاری بێت بە زەبر‌و زەنگ بێت یان هەر رێگایەكی دیكە، لەدۆخێكی وادا ناكرێت هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە لای پارتی بێت دەبێت یەكێك لەو پۆستانەی سەرۆكایەتی جگە لەپارتی لای حزبێكی دیكە بێت.

د. ئیسماعیل نامیق وتووشیەتی:  ئەوەی پارتی دایناوە سەرۆك بۆ یەكێتی بەم شێوەیە دەبێت لە ئێستا ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان یەكێتی بێت لەنێوان ئەو جێگر‌و سكرتێرەدا كە جێگر پارتی بێت‌و سكرتێریش لەبەرژەوەندی پارتی كار بكات هیچ رۆڵ‌و كاریگەرییەكی نابێت، ئێستاش یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكات، خۆزگە پێداگربێت‌و بتوانێت سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی هەرێم وەربگرێت یان سەرۆكایەتی پەرلەمان بەو شێوەیەی ئێستا نەبێت، وەك وتم دەبێت ئەو نمونەیەی بەغدا لێرەش هەبێت كە رێگە نەدات حزبێكی دیاریكراو یان عەشیرەتێكی دیاریكراو كۆنترۆڵی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بكات، ئێمەش پێویستمان بەوەیە نابێت پارتی هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی لابێت، جگەلەوەش پارتی تەحەكوم بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری، ئەنجومەنی ئاسایش‌و كۆمەڵێك جومگەی گرنگ‌و هەستیاری هەرێمی كوردستانەوە دەكات‌و بە ویستی خۆی دەتوانێت لەبەرژەوەندی خۆی بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بەرەو دیموكراسی‌و دروستكردنی متمانە هەنگاو بنێین ئەم سێ‌ سەرۆكایەتیە نابێت لە دەستی پارتیدا بێت.

سەبارەی بە چاوەروانی سازانی یەكێتی‌و پارتی د. ئیسماعیل نامیق رایگەیاندووە:  من شەری ناوخۆ‌و دو ئیدارەیی بە دور دەزانم، چونكە دۆخی ناوخۆی هەرێم‌و ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان‌و ئاگاداری‌و خەمخۆی دۆستەكانمان  لەدەرەوەی هەرێم بوار بە دو ئیدارەیی و لێكترازان نادەن، لەلایەكی دیكەوە ناوخۆی عێراق‌و ئەو مەترسییانەی روبەروی هەرێمی كوردستان خۆیان حەشارداوە ‌و لەدەرفەتێك دەگەرێن بۆ هەرێمی كوردستان رێگای ئەوەمان پێ نادەن جارێكی دیكە بگەرێینەوە بۆ شەری ناوخۆ‌و دو ئیدارەیی، من لەو بروایەدام سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەئاستی هۆشیارییەكی وەهادا بن بیر لە رێگایەكی وا نەكەنەوە، هیوادارم ئەو لێدوانانەی لەم بارەیەوە دەدرێت تەنها هەرەشەیەكی سیاسی‌و میدیایی بێت‌و مەبەستی جددی لەپشتەوە نەبێت، هیوادارم نیەتێكی باش‌و جددی هەبێت بۆ ئەوەی هەرێم بكەینە یەك ئیدارەی یەكگرتوی پتەوو بەتوانا‌و هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتومان هەبێت.

لەبارەی ئەوەی  ئایا بزوتنەوەی گۆران بەرێككەوتنە سیاسیەكەی لەگەڵ پارتی زیانی لەسلێمانی‌و یەكێتی داوە د. ئیسماعیل نامیق بە ئاوێنەی وتووە:  نایشارینەوە ئێمە هەر لەسەرەتای دروستبونمانەوە هەوڵی ئەوەمانداوە زۆن‌و زۆنكاری هەرێمی كوردستان نەمێنێت‌و كوردستان یەك زۆن بێت لەخانەقینەوە تا زاخۆ، كە وەزیرێك دادەنرێت فەرمانەكەی لەخانەقینەوە تا زاخۆ كاری پێ بكرێت، وەزیرێكی پێشمەرگەمان هەبێت فەرمانەكەی لەزاخۆوە تا خانەقین بخوات، بزوتنەوەی گۆران مەبەستی ئەوەی نیە زۆنێك لەبەرژەوەندی زۆنێكی دیكە كاڵ بكاتەوە، ئێمە دەمانەوێت ئەو دو زۆنەی یەكێتی‌و پارتی دروستی كردوە نەیهێڵین‌و ئاسەوارەكانی بسرینەوە، ساڵی 2014 كە بەشداریمان لەحكومەت كرد یەكێك لەئامانجەكانمان ئەوە بو بەڵام بەداخەوە پارتی بەو دۆخەی دروستی كرد رێگەی پێ نەداین، هیوادارم بەشداری ئەم جارەمان لەحكومەت پارتیش دەستبداتە ژێر بار‌و یەكێتیش بگەرێتەوە و بەهەمومان زۆن‌و زۆنكاری نەهێڵین.

لەبارەی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆرانیش ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاندووە: من ناڵێم رێككەوتنەكە كۆتایی هاتوە‌و ئاسەواری نەماوە بەڵام لەقۆناغی متبوندایە،  لای خۆمانەوە بە بریاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران هەڵپەسێردراوە، برادەرانی یەكێتیش بریارێكی فەرمییان لەسەر ئەو رێككەوتنە نەداوە بەڵام لەراستیدا پێش ئەوەی ئێمە هەڵیپەسێرین ئەوان هەڵیان پەساردوە، بەجۆرێك لەگەڵ رێككەوتنەكە هەڵسوكەوتیان دەكرد كە وەك ئەوە وابو هیچ بەهایەكی نەمابێت لای ئەوان دواتریش گۆران هەڵیپەسارد، رەنگە برادەرانی یەكێتی لەم دۆخەدا لەرێككەوتنەكەی گۆران‌و پارتی نیگەران بن، بەڵام بە هەمو لایەكی دەڵێین بزوتنەوەی گۆران ئازادە لەوەی لەگەڵ كێ‌ رێككەوتن دەكات یاخود نا، پرس بە هیچ هێزێكی سیاسیش ناكەین وەك چۆن وەختی خۆی لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنمان كردو پرسمان بە پارتی نەكرد ئێستاش لەگەڵ پارتی رێككەوتن دەكەین‌و پرس بە یەكێتی ناكەین نابێت هیچ هێزێكی سیاسیش ئەو مافە بەخۆی بدات كە خۆی وەك نوێنەری گۆران لەقەڵە بدات‌و بڵێت بێت رێككەوتن بكەیت یان نا، لەرێككەوتنەكەی گۆران‌و یەكێتی بەندێكی تێدایە كە دەڵێت ئەم رێككەوتنە رێگر نابێت لەوەی هەریەك لەم  دو لایەنە رێككەوتن  لەگەڵ لایەنێكی دیكە بكەن بەمەرجێك دژی رێككەوتنەكە نەبێت، بۆیە ئەو رێككەوتنەی ئێستای گۆران لەگەڵ پارتی دژی رێككەوتنەكەی گۆران‌و یەكێتی نیە.